ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی شاری ورمێ پلەی یەکەمی لە ڤێستیڤاڵ و کێبڕکێی شانۆنامەی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕێبەندان، ڕێوڕەسمی تایبەتی شانۆ لە شاری ورمی بەڕێوەچوو و کچە ئەکتەرێکی کورد بە ناوی "شەونم یووسفی" خەڵکی ورمێ، لەوحی ڕێزلێنانی بەدەست هێنا.

ئەو ئەکتەرە کوردە پلەی یەکەمی لە فێستیڤاڵ و کێبڕکێی شانۆنامەی بەدەست هێنا و بەو پێیە شەونم یووسفی لە ماوەی ئەمساڵدا پێنجەمین خەڵاتی ڕیزلێنانی خۆی وەرگرت.

شەونم یووسفی لە سێزدەهەمین فێستیڤاڵی شانۆی کوردی شاری سەقز، تەندیس، دیپلۆمی شانازی و خەڵاتی یەکەمی ڕۆڵی باشترین ئەکتەری ژنی شانۆی "خەج و سیامەندی" بۆ خۆی تەرخان کرد.

ئەو ئەکتەرە کوردە لە بەڕێوەچوونی ڕۆڵی شانۆیی"خەج و سیامەند" لە شارەکانی ورمێ، سەڵماس، شنۆ، هەروەها باتمانی کوردستانی باکوور، ناوبانگی زۆری بەدەست هێنا.

شانۆی "خەج و سیامەند" لە دەرهێنەریی ڕەسووڵ بەنگین لە شاری ورمێ، چیرۆکی دڵداریی"خەج" و "سیامەند"ە.