ئاژانسی ‌کوردپا: بەرپرسی پۆلیسی پێش‌گیریی شاری سنە ڕایگەیاندووە کە؛ "بەداخەوە هەندێ لە گوندەکان، لەوانە دوو گوندی گەورەی "نایسەر و نەنەڵە" کە حەشیمەتێکی زۆریان لەخۆ گرتووە، بوونەتە شوێنی فرۆشتنی مادە سڕکەرەکان".

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، "ڕەحمەتۆڵڵا تاهیرزادە"، ڕایگەیاندووە کە؛ "هەندێ لەو گوندانەی کە لە بواری حەشیمەتییەوە گەورە بوونەتەوە و تا ڕادەیەک وەک شاریان لێ هاتووە، وەکوو "دووشان، ئاساوڵە و نایسەر" بوونەتە شوێنی تاوانە گەورەکان و ئەم بابەتەش جێگای مەترسی هەیە"
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە؛ "دوو گوندی نایسەر و نەنەڵە، بە تەواوی بوونەتە شوێنی فرۆشتنی مادەی سڕکەر".

حکوومەتی ئێران بەردەوام لە ماڵپەرەکان و ڕاگەیاندنەکانی‌دا باس لە پێش‌گرتن بە بڵاو بوونەوەی مادە سڕکەرەکان دەکات و لەبەرانبەردا بەکردەوە وا نییە. چەند ڕۆژ پێش ئێستاش دوو بەرپرسی پارێزگای سنە باسیان لە ئەمنییەت و ئارامشی ئەم پارێزگایە و تەنانەت زیندانەکانیش کردووە، بەڵام سیاسەتە قیزەونەکانی حکوومەت لە شارە کوردنیشەکانی ئێران، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بۆ لەنێو بردنی کۆمەڵگای کوردستان و بەتایبەتی دوورخستنەوەی لاوان لە پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ...هتد، بەرپرسانی نابەرپرس، بەهەموو هێز و توانایانەوە بۆ داڕۆخاندنی کۆمەڵگای کوردستان و بە تایبەت گەنجانی کورد تێدەکۆشن و لەم نێوانەشدا چی باشتر لەوەی کە گیرۆدەبوون بە مادەی سڕکەر لە کۆمەڵگای کوردستان پەرە بگرێت و ڕیشەی خەڵک و بنەماڵەی کورد بسووتێنێت.