ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد لە شاری سەرپێل زەهاو لە کاتی کار کردن تووشی بەرق گرتوویی بوو و بەو هۆیەوە گیانی لە دەستدا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی سەرماوەز، کرێکارێکی لاو، لە بینایەکی ٥ نهۆمی لە گەڕەکی میراتی فەرهەنگی شاری سەرپێل زەهاو تووشی ڕووداوی بەرق گرتوویی بوو.
شوناسی ئەو کرێکارە تەمەن ٢٤ ساڵە " جیم.کاف" ڕاگەیەنراوە.
هەواڵدەریی ئیرنا لەم باریەوە بڵاوی کردەوە، ئەو کرێکارە لاوە خەریکی بەستنی داربەست بووه کە بە هۆی دەرچوونی یەکێک لە میللەکانی داربەست و پچڕاندنی کابڵی کارەبا تووشی ئەو ڕووداوە هاتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.
شاری سەرپێلی زەهاو لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە و زیاتر لە ٩٠ هەزار حەشیمەتی هەیە.
لە ساڵی ڕابردوودا، هەزار و ٤٩٤ کەس لە ڕووداوی کاردا گیانیان لەدەست داوە کە مەرگی٢٤٧ کەسیان بە هۆی ڕووداوی لێدانی تەزووی کارەباوە بووە.





