ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی پەیوەندیی گشتیی ناوەندی ڕووداو و فریاکەوتنی پزیشکیی کرماشان ڕایگەیاندووە کە؛ "وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلێک لە شاری کەنگاوەر ٢ کوژراو و ٤ برینداری لێ کەوتووەتەوە".
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "ئەکبەر ئازادی" لە وتوێژێکدا ڕایگەیاندووە کە؛ "ئەم ڕووداوە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی لە شارۆچکەی پیشەسازیی کەنگاوەر ڕوویداوە و لەم ڕووداوەدا ٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٤ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون".
لەو رووداوەدا، کوڕێکی تەمەن ١٢ سال و کچێکی تەمەن ١١ سال لە وەرگەرانی ئەو ماشینەدا گیانیان لە دەستدا.
خراپیی دۆخی ڕیگاوبانەکانی وڵاتی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ناوە ناوە ڕووداوی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە و بەرپرسانی پێوەندیداریش لەوپەڕی خەمساردیدا، هەر ڕۆژە و گەندەڵییەکی ئابوورییان لێ دەردەکەوێ. سەروەت و سامانی وڵات دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی نابەرپرس و خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانیی خەمساردیی و کەموکوڕییەکانی ئەوان.





