ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانانی کوردستان لە کێبڕکێ جۆراوجۆرە نێوخۆییەکانی ئێراندا، توانیان لە بەشەکانی تێکواندۆ و ڕاکردندا سەرکەوتن بەدەست بهێنن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لە میانەی بەڕێوەچوونی کێبڕکێ جۆراوجۆرەکانی نێوخۆی وڵات لە ئێراندا، لە دوو بەشی تێکواندۆ و ڕاکردندا، دوو هاووڵاتیی کورد مێداڵی زیو و بڕۆنزیان بە دەست هێناوە.
"نیان شامحەممەدی" و "ڕووناک حسێنزادە" دوو کچی تێکواندۆ کاری خەڵکی شاری سەقز، لە بیست و یەکەمین خولی کێبڕکێکانی پاڵەوانی نێوخۆی وڵاتدا، دوو میداڵی زیو و بڕۆنزیان بەدەست هێناوە و لە ئاکامی ئەم کێبڕکێیانەشدا پارێزگای سنە بە بەدەست هێنانی دوو میداڵی زیو و بڕۆنز، لە پلەی هەشتمدا جێی گرتووە.
هەروەها لە کێبڕکێکانی ڕاکردندا کە لە شاری تاران بەڕێوە چووە، "هەستی سەمەری" و "ئارینا نیکخا" پلەی دووهەم و سێهەمیان بۆخۆیان مسۆگەر کردووە.
لە پارێزگای کرماشانیش، "میلاد ڕەشیدی" لە بەشی تیروکەواندا توانیویە پلەی سێهەم بەدەست بهێنێت و "نازەنین بەشیری" وەرزشوانێکی دیکەی خەڵکی شاری کرماشان، لە بەشی "بەدمینتۆن"دا بۆ ئۆردووی تیمی میللیی ئێران بانگهێشت کراوە.





