ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی هەڵسەنگاندنی ئەنجام و وەڵامدانەوەی وەزارەتی پەروەردە لە ئێران ڕایگەیاند کە؛ "لە دووساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا دوو هەزار و ٩٢٤ سکاڵای بنەماڵەی قوتابیان لەمەڕ توندوتیژی جەستەیی لەسەر قوتابیان تۆمار کراوە، کە هەزار و ٢٧٤ سکاڵایان لەجێی خۆیدا بووە".
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "ئیلنا"، "ڕەحیم میرشا وەلەد"، ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەر ڕایگەیاندووە کە؛ "لە هەزار و ٢٩٤ سکاڵای تۆمار کراو لە دوو ساڵی ڕابردوودا، هەزار و ٢٧٤ سکاڵا ڕاست و ٦٥٠ سکاڵا بێبناما ڕاگەیەندراوە".
ناوبراو هەروەها باسی لە ئازاری جەستەیی قوتابییەک بە ناوی "محەممەد پارسا تاهێری" لە ناوچەی ٩ی تاران کردووە. سەری ئەم قوتابییە لە لایەن مامۆستاکەیەوە شکاوە و "محەممەدپارسا" سەبارەت بەم ڕووداوە گوتویەتی کە؛ مامۆستاکەی پەلاماری داوەتە سەری و سەری بە دەرگای پۆلەکەدا کێشاوە و بووەتە هۆی شکانی سەری و سەری ٣ تەقەڵی لێ دراوە.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدایە کە؛ بەرپرسانی حکوومەتی ئیسڵامیی ئێران بەردەوام باس لە میهرەبانیی ئیسلامیی دەکەن، بەڵام منداڵانی خەڵک لە شوێنە پەروەردەییەکانی ئێران بەردەوام دەکەونە بەر ئازار و هەڵسوکەوتی نەشیاوی مامۆستاکان و بەرپرسانی قوتابخانەکان.





