ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی دەزگای ژینگەپارێزیی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند کە "بە هۆی هەڵەی جوتیارێکیی کرماشانی، یەکێک لە دەگمەنترین و بە بایەخترین تاڵاوەکانی جیهان ئاگری گرت".

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان "محەممەد حوسێن‌فەلاحەتی"، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم" لە پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە کە " ئەم ئاگرە لە تاڵاوی "هەشیلان" بە هۆی هەڵە و کەمتەرخەمیی جوتیارێکی کرماشانی ڕووی داوە و بەهۆی ئەم ڕووداوە ١٥ هێکتار لە لێڕەوار و گژ و گیای ئەم تاڵاوە لەناو چووە".

هەروەها بەرپرسی دەزگای ژینگەپارێزیی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە "ئەم ئاگرە بۆ ماوەی یەک ڕۆژ دڕێژەی هەبووە و بە هاوکاریی هێزە جۆراوجۆرەکان وەک شارەوانی و سەرچاوە سروشتییەکان و هێزیی ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکە کۆژاوەتەوە".

ناوبراوە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە "کەمتەرخەمیی تاکەکان ڕۆڵێکی سەرەکی لە سەرهەڵدانیی ئەم ڕووداوانەدا هەیە و هەر ئەم بابەتەش بووەتە هۆکارێک بۆ لە ناوچوونی سەرچاوە سروشتیەکان".

تاڵاوی "هەشیلان" جێی ژیانی باڵندەکانی وەک " حاجی لەق‌لەق، ئەگرت، سۆرە وێلک، غەمخۆرە، غازیی خۆڵەمێشی، کشیم و زۆر گیانلەبەری دیکە وەکوو ڕێوی، بەراز، گورگ و چەقەڵ لەم تاڵاوەدا دەژین".