ئاژانسی کوردپا: فەرمانداری کەنگاوەر ڕایگەیاند کە؛ "٣٠٠ تاکوو ٥٠٠ هێکتار لە لەوەڕگەکانی دەوروبەری گوندی سەرمەست و بزاو، لە ئاگردا سووتان."

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، "شەریف خۆسرەوی"، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵنێریی تەسنیم‌دا ڕایگەیاندووە کە؛ "سەرلەبەیانیی ئەوڕۆ لە دارستانەکان و لەوەڕگەکانی ناوچەی "بزاو" و گوندی "سەرمەست و تاڵان"، سەر بە شاری "کەنگاوەر"، ئاگریان تێ‌بەربووە و ئێستاش خەڵک لە شار و گوندەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەرەو سەرمەست دەچن."

خۆسرەوی هەروەها وتی؛ "ئیکیپی یارمەتیدەر بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، لە شارەکانی "سونقور و کلیایی"، "هەرسین و سەحنە" چوونەتە شاری "کەنگاوەر"، و تاکوو ئێستا نزیک بە ٥٠٠ هێکتار لە لەوەڕگەکانی ئەم ناوچەیە لە ئاگردا سووتاون."