ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکردن و حوکمدانی چالاکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، کچە خوێندکارێکی کورد لە شاری مەریوان سزای ٢ ساڵ زیندانی بەسەر سەپێندرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ کچە خوێندکاریکی کورد بەناوی "سۆما بازرگان" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن دادگای ئەو شارەوە بەتۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان سزای ٢ ساڵ زیندانی "تەعلیقی" بۆ ماوەی ٥ ساڵی بەسەر سەپێندراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان ڕایگەیاند کە ئەو کچە خوێندکارە بە بێ ئەوەی مافی هەبوونی پارێزەری هەبێت، چەندین جار دادگایی کراوە و لە ئاکامدا ئەمڕۆ ئەو سزایەی بەسەر سەپاوە.

سۆما بازرگان لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی و فەوقی دیپلۆمی بەشی حیسابداریی زانکۆی پەیامی نووری مەریوانە کە لە زۆربەی چالاکییە مەدەنیەکانی ئەو شارەدا بەتایبەت لە بواری مافی ژناندا بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە.