ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری شنۆ دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا هێزە ئیتلاعاتییەکان دوو هاووڵاتییان بە ناوکانی "خەلیل شاهی" خەڵکی گوندی "سینگان" و "زەکەریا سافکار" خەڵکی شنۆ دەستبەسەر کرد.
دەگوترێ، بەدواچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە مەڕ دۆخی کوڕەکانیان بێ ئاکام بووە و هەتاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر ئەو دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نیە.
هەتاکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کردنی خەلیل و زەکەریا بە ناڕوونی ماوەتەوە.
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو دا، ١٧ هاووڵاتی لە شاری شنۆ و گوندەکانی ئەو شارە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
سەبارەت بە بانگهێشت و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند؛ مەئموورانی ئیتلاعات "بەبێ "بەڵگەی یاسایی" و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا "هەڵسوکەوتی توندوتیژانە"یان لە کاتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان بەکار هێناوە و لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەکانیان خۆیان بواردووە.





