ئاژانسی کوردپا: بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەری لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئیڕان سەرەڕای بەربەستە ئەمنیەتییە حکوومەتییەکان بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە یەکەم کاتژمێرەکانی سەر لەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، دوکان و بازاڕەکانی شارەکانی کوردستان داخران.
داخرانی دوکان و بازاڕەکان بەپێی بانگەوازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵڤەگەڕی شەهید بوونی دوکتور عەبدولڕحمانی قاسملوو بەڕێوە چووە.
هەواڵنێرانی کوردپا لە چەند شاری گەورە و چووکەی کوردستان ڕایانگەیاند، بانگەوازی مانگرتنی گشتی لەگەڵ پێشوازیی بەربڵاوی خەڵک بەرەوڕوو بووەتەوە.
ئەو ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە هاتوچۆی ڕۆژانەی هاووڵاتییان لە نێو شارەکان کەمتر بووە و زۆربەی دوکان، کۆگاکان و پاساژە تیجارییەکان داخراون.
لە شارەکانی بانە، کرماشان، سەقز، شنۆ و مەهاباد، ئیدارەی نرخدانانی حکوومەتی لەگەڵ گاردی تایبەت و هێزە ئەمنیەتییەکان، بە زۆرەملی هەوڵی کردنەوەی دوکانی کاسبکاران و دوکاندارەکانیان داوە.
گاردی ناسراو بە "دژە شۆڕش" لە هێندێک لە شەقامەکانی شاری کرماشان بە دانانی خاڵی پشکنین و بە ئامرازی قفل شکێن، هەوڵی کردنەوەی دوکانەکانیان داوە.
هەروەها لە چەندین شاری کوردستان خەتی ئینترنێتیان پچڕاندووە و هەر جۆرە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیش لەگەڵ کێشە بەڕەوڕوو بۆتەوە.
بەرپرسە باڵاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایانگەیاند: بارودۆخی شارەکانی کوردستانی ئێران بە تەواوی ئەمنیەتی_پۆلیسی کراوەتەوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نزیکەی ٢٠٠ هەزار لە هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستانی ئێران جێگیر کراون.

















