ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ دووهەمین جار لە ٢ حەوتووی ڕابردوودا هەوڵی گرتنی ژنە چالاکی کورد، سوهەیلا مۆحەممەدی دا.
هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوە بەمەبەستی گرتنی سوهەیلا مۆحەممەدی، چالاکی ژینگەپارێز و مەدەنی کورد هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ناوبراو بەڵام نەیانتوانی ناوبراو دەست بەسەر بکەن.

ئەمە دووهەمین جارە کە لە ٢ حەوتووی ڕابردوودا هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵی ناوبراو.
بەپێی زانیارییەکان هۆکاری هەوڵ بۆ گرتنی سوهەیلا مۆحەممەدی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بریتییە لە بەشداری و خوێندنەوەی شێعر لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی شارەدێی قەسر لە شاری سنە کە تێیدا جەماوەرێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەم ناوچە بەشدار بوون.
ئەم چالاکە کوردە پێشتر وتەبێژی کەمپەینی ڕزگارکردنی کانی بڵ بووە و بەهۆی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ چالاکییەکانی حکومەتی ئیسلامی لەم کانییە، دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
هەنوکە دۆسیەیەکی تایبەت بە ناوبراو لە لقی ٢ی دادگای سنەدا کراوەتەوە.





