ئاژانسی کوردپا: بە دەستبەسەر کردنی سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە دوای هەڵبژاردنەکانی هەردوو مەجلیسی خوبرەگان و شوورای ئیسلامی، ئاماری دەستبەسەر کراوەکان لە کوردستان گەیشتە ٢٦ کەس.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٠ ڕەشەممە، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "پوویا و ئارمان حوسێن پەناهی" و "پوویا موقەدەم" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو سێ هاووڵاتییە ناڕوونەوە، هەروەها لەو ٢٦ کەسە شوناسی ٥ کەسیان بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، پوویا حوسێن پەناهی لە تاران لە شەقامی "سەعادەت ئاوا" لە شوێنی کارەکەی و ئارمان حوسێن پەناهی و پوویا موقەدەم لە شارۆچکەی "قروچای" لە ناوچەی لەیلاخ لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
لەپاش هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەممە، کوردستان شەپۆلێکی بانگهێشت کردن و گیرانی چالاکانی مەدەنی بەخۆوە بینیوە کە هێمایەکە بۆ گەڕانەوەی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ لەپاش هێمنی سەروبەندی دەنگدان.





