ئاژانسی کوردپا: خەڵاتی فەرهەنگستانی زانستە پزیشکییەکانی ئێران بۆ ساڵی ١٣٩٤ هەتاوی درایە دوکتورێکی خەڵکی بیجاڕ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، توێژینەوەیەکی بواری زانستە بالینییەکان لە نووسینی سەجاد شاه‏مورادی(شاهۆ) توانی خەڵاتی دووهەمی وڵاتی ئێران بەدەست بێنێت.

دکتور شاهۆ شاه‏مورادی

ئەو خەڵاتە لە لایەن لێژنەی هەڵسەنگاندنی فەرهەنگستانی زانستە پزیشکییەکانی ئێران، لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا درایە ئە دوکتورە کوردە.

جەواد شاه‏مورادی ڕۆژی شەشی ڕەشەمە لە تاران بە نوێنەرایەتی براکەی(شاهۆ) خەڵاتەکەی وەرگرتووە.

توێژینەوەی ئەو دوکتورە ساڵی ٢٠١٢ لە لایەن باوەڕپێکراوترین "ژوورناڵ هیپات"ی ئورووپا لەچاپ دراوە.

شاهۆ شاه‏مورادی کە بە هۆکاری سیاسی ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی، باس لەوە دەکات کە ئەو توێژینەوەیەی لە ڕەشترین ڕۆژەکانی ژیانی‏دا، واتە لە زیندان و لە کاتی بڕینەوەی حوکمەکەی‏دا نووسیوە و خەڵاتەکەیشی پێشکەشی گیانبەختکردووەکانی ڕێگای "ئازادی و بەرابەری" بەتایبەتی فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەم هوولی کردووە.

براوەی خەڵات و لەوحی ڕێزلێنانی فێستیڤاڵی زانستیی فەرهەنگستانی زانستە پزیشکییەکانی ئێران، پەیڕەوی ئاینی یارسانە.