بەرموور: حەفتەی سێهەمی فێبریەی ٢٠١٦ ( ٣_ ٢_ ٢٠١٦)

ئاژانسی کوردپا: ڕاپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان، کە بریتییە لە گیان لەدەست دانی ژنێک و ٧ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتییە لە دەرچوونی سزای زیندان و قامچی بۆ ٦ چالاکی مەدەنیی ژن، دانیشتووی تاران و ئازادکرانی ئاتێنا دایمی، لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

کوردستان

ئیلام: هەڵەی پزیشکی بووە هۆی مردنی ژنێکی دوو گیان

لەماوەی ڕابردوودا، ژنێکی دوو گیانی ئیلامی، دوای ئەوەی نەشتەرگەریی بۆ کرا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەو دایکە تەمەن ٣٢ ساڵانە کە دیارە بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانی لەدەست داوە، لە نەخۆشخانەی "مستەفا خومەینی"ی شاری ئیلام چارەسەری بۆ کراوە.

ئەو دایکە ئیلامییە، چوارشەممەی دوو حەفتەی پێش و تەنیا چەند خولەک دوای نەشتەرگەری سزاریەن، گیانی لەدەست داوە.

دۆخی تەندروستی منداڵە کە بە ٨ مانگان لەدایک بووە، باش ڕاگەیەندراوە.

ئێران

دەرکردنی سزای ١٨ مانگ زیندان و ٤٤٤ زەربە قامچی بۆ ٦ چالاکی ژن

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگای تاوانەکانی تاران، سزای زیندان و قامچیی بۆ ١٨ چالاکی مەدەنی دەرکرد، کە ٦ کەسیان ژن بوون.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، حوکمی دادگایی ١٨ چالاکی مەدەنی کە لە لقی ١٠٦٠ی دادگای تاوانەکانی تاران بەڕێوە چوو، ڕاگەیەندرا.

بەپێی ئەو حوکمە، هەر یەکەیان بە ٩١ ڕۆژ زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی سزا دراون.

شەش کەسیان بەناوەکانی سیمین عەیوەزی، خەدیجە (لەیلا) غەفاری، ئەعزەم نەجەگی، پەروین سلێمانی، شەرمین یەمینی و سارا ساعدی، ژن بوون کە سەرجەم بە ١٨ مانگ و ٦ ڕۆژ زیندان و ٤٤٤ زەربە قامچی سزا دراون.

ئەو چالاکە مەدەنییانە ڕۆژی شەممە ٣٠ خەزەڵوەر، لە کۆبوونەوەیەکی ئاشتیخوازانە لە پێش دەرکی زیندانی ئێڤین بەشدارییان کردبوو و دەستبەسەر و دواتر بەدانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

ئاتێنا دایمی ئازاد کرا

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، آتێنا دایمی، چالاکی مەدەنیی دانیشووی تاران، دوای ١٦ مانگ ڕاگیران لە زیندان، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئاتێنا دایمی تەمەن ٢٧ ساڵ، ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، دەستبەسەر و ٨٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی‏دا لێپرسینەوەی لێ کراوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، دوای لێپرسینەوەکان گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین .

ئاتێنا دایمی، بە تۆمەتی چلاکیی مەدەنیی ئاشتیخوازانە، پڕوپاگەندە دژی نیزام و کۆبوونەوەی نایاسایی دژ بە تەناهیی نەتەوەیی، بێ ڕێزی بە ڕێبەریی و بێ ڕێزی بە دامەزرێنەری ڕێژیمی ئێران، ١٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا" ( ١ حاڵەت)
کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی ( ٦حاڵەت)

ئامادەکار: شاهۆ