ئاژانسی كوردپا: پاش لانیكەم ٣ ساڵ لە خستنەڕوی پێشنیاری دانانی ڕشتەی "مەداحی" لە سەر داوای ئەنجومەنی مەداحان، وەزارەتی زانستی كۆماری ئیسلامی قۆناغی كاردانی مەداحی دامەزراند.

"ڕەزا مۆعەمەمی مۆقەدەم"، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوە ئاینییەكان و ناوەندە فەرهەنگییەكانی سەر بە دەزگای پڕوپاگەندەی ئیسلامیی ئێران، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵدەریی مێهری ڕاگەیاندووە: "مەبەست لە دانانی ئەم قۆناغە لە خوێندن، داڕشتنی بەرنامەی ئامانجدار بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی مەزهەبیی سەرنجڕاكێش بۆ لاوان و پیشاندانی كولتووری ڕەسەنی ئیسلامییە".

بە وتەی ناوبراو بەشێك لە وانە دەرسییەكانی ئەم بوارەی خوێندن بریتین لە:

"خاوێنكردنەوەی لووت و گوێ و قوڕگ، تێئۆریی موسیقی، خۆڕازاندنەوە، هونەری پێوەندی‏گرتن بە بێ‏ كەڵك وەرگرتن لە زمان و .... .

“مەداحی" یان "ڕەوزە خوێندن" یەكێك لە هونەرە نمایشییە مەزهەبییەكانە كە لە نێو پێڕەوانی مەزهەبی شیعەدا دەبیندرێ و زۆرتر لە ڕۆژانی مانگی مۆحەڕەم، سەفەر، نیوەی شەعبان و هەروەها كۆچی دوایی ئیمامە شیعەكان بەڕێوە دەچێ، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا و لە ئێران نێوەڕۆكی مەداحییەكان گۆڕانی بە سەردا هاتووە و پرسگەلی سیاسیی ڕۆژ تێیدا بەرجەستە دەكرێت.

هەروەها هەندێك لە مەداحەكان بۆ ئەوەیكە فرۆشێكی زیاتر لەم پیشە بكەن و پارەیەكی زیاتر وەدەست بێنن لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاواز و موزیكە بەناوبانگ و پڕفرۆشەكان كۆپی دەكەن و شێعرەكانیان بەو جۆرە مێلۆدییانە دەخوێنن.