ئاژانسی کوردپا: بە چاپ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە شێعری دووبەیتیی شاعیر و نووسەری کورد "ئارەش ئەفزەلی" خەڵکی هەرسین، لە ماوەی ئەمساڵدا چەندەمین کتێبی کوردی بڵاو کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، کتێبی "ئەسەری ئاسارە" کۆمەڵێک لە شێعرە دووبەیتییەکانی شاعیر و نووسەری هەرسینی "ئارەش ئەفزەلی" چاپ و درایە بازار. بە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە، پێگەی فەرهەنگی و ئەدەبییی هەرسین لە کرماشان زیاتر خۆی نیشان دا.
کتێبی ئەسری ئاسارە، کۆمەڵێک لە دووبەیتییەکانی ئەو شاعیرە کوردەیە کە لە ماوەی یەک دەیەدا بەرهەمی هێناوە.
ئەو کتێبە لە ١١١ لاپەڕەدا و لە ١٠٠٠ نووسخەدا، لە لایەن "نەشری داستان"ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە بە هۆی ناسراویی ئەو شاعیرە و ڕابردووی چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی لە ئاستی پاریزگای کرماشاندا و شارەزایی ناوبراو لەسەر شێعری کوردی، مێژوو و ئەدەبی کوردی، بایەخێکی زۆر بە بەرهەمەکانی دەبەخشێت.
ئارەش ئەفزەلی، شاعیر و نووسەری کورد بە پێشینەی سێ دەیە چالاکیی فەرهەنگی لە پارێزگای کرماشان، هەنووکە دەبیری ئەنجوومەنی شێعری کوردی لە هەرسینە و لەو ڕێگایەوە توانیوێتی بە بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی ساڵانەی "گەڵاڕێژان" لە شاری هەرسین فەزای شێعر و ئەدەبی کوردی گەشاوە بکات.





