ئاژانسی کوردپا: ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی لە سێ بەرهەمی ئەدەبی و فەرهەنگیی نووسەرانی شاری سەقز لە هۆڵی کۆمەڵگەی فەرهەنگیی و هونەریی شاری سەقز بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە؛ ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی لە سێ بەرهەمی ئەدەبی و فەرهەنگیی نووسەرانی شاری سەقز بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەب و هەروەها ئەدیبان و شاعیران و نووسەران لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە، لە هۆڵی کۆمەڵگەی فەرهەنگیی و هونەریی شاری سەقز بەڕێوەچوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا ڕوونوێنیی بۆ سێ کتێبی؛ دیوانە شێعری "خۆرێک ئەدەمە بن دەستم" بەرهەمی یوونس حسێنی، دیوانە شێعری "ئانتراکت" بەرهەمی میلاد ئەمانوڵڵاهی و ڕۆمانی "کەتنگە" بەرهەمی عەلی، حسێنی کرا.
ڕەزا شەجیعی بەڕێوەبەری وەشانگەی گوتار، لە کاتی کرانەوەی ڕێوڕەسمەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە هەوڵە بەردەوامەکانی نووسەران و شاعیرانی ناوچە لەبواری بەرهەمهێنانی بەرهەمی ئەدەبی و هونەری، گوتی: "هەستی بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و حەزی پێشکەوتن و پەرەسەندنی کۆمەڵگەی فەرهەنگی، گرینگترین هاندەری ئەم نووسەرانەیە".
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، کۆمەڵێک لە شاعیرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکوو سەعید نەجاڕی(ئاسۆ)، ئەحمەد شەبانی، حوسێن شێربەگی و ئیسماعیل عەزمی لە پانێلێکدا شرۆڤە و لێکدانەوەیان بۆ ئەو سێ بەرهەمە کرد.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا، کۆڕێکی خوێندنەوەی شیعر لە لایەن شاعیرانی بەشدار بوو لەو ڕێوڕەسمەدا بەڕێوەچوو.





