ئاژانسی کوردپا: برووشوورگەلێک کە هانی ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتیانی بەلووچ لەمەڕ سڕینەوەی بەردەوامی ناوی بەلووچستان دەدات، لە نوێژی هەینیی شاری زاهیدان بڵاوکراوەتەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارۆمەندانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە تایبەتیی لاوەکانی، بە توندی نیگەرانیی و ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ سڕینەوەی ناوی بەلووچستان لە ماڵپەڕە فەرمی و نیمچە فەرمییەکان، شەقامەکان، بەڵگەنامە کارگێڕییەکان و تابلۆ تەبلیغاتییەکان دەربڕیوە.

نوێژی هەینیی ڕابردوو لە زاهیدان، گۆڕەپانی بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە نووسراوانە بووە و لاوەکان ئەو کردەوە سیستماتیکەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کردووە و چۆنیەتی ئەو کردەوانەیان هێناوەتە بەرباس.
کار و کردەوەی حکوومەتی ئێران لەو پارێزگایە ئەو پرسیارەی لای هاووڵاتیانی بەلووچ درووست کردووە کە چ کەسانێک لە سڕینەوەی ناوی مێژوویی بەلووچستان لەو پارێزگایە قازانج دەکەن.
ئەو برووشوورانە بەرپرسیارەتی ئەو کردەوانە دخاتە ئەستۆی "لێپرسراوانی دەوڵەتی" و داواش لە خەڵکی دەکات کە "لە بەرامبەر ئەو چەشنە کردەوانە بێدنگ نەبن".

بڵاوکردنەوەی برووشوور لە نێو بەشدارانی نوێژی هەینیی زاهیدان دوا دژکردەوە بە سڕینەوەی ناوی بەلووچستانە و پێشتریش بە لادانی وشەی بەلووچستان لە بەڵگەنامە کارگێڕییەکان و کتێبە دەرسییەکان لە قۆناغی هەشتەمی ناوەندی هەڵوێست گیرا بوو.

لە ساڵی ١٩٤٠ وە ناوی سیستان بە بەلووچستان زیاد کراوە و بە وتەی چالاکانی نەتەوەیی بەلووچ، ئەو کردەوانە بۆ "کز کردنی هەستی ناسیۆنالیستی و خاوەنداریەتی" کراوە.

هەرەوها ڕەزا حوسەین‏پووڕ سیمای ناسراوی چالاکانی بەلووچ، لە وتارێکدا دەنووسێت: "ئێمە زانیاریمان هەیە کە کۆماری ئیسلامی بەتەمایە، ناسنامەی بەلووچی لە ئێران داببڕێت و دواتریش ناوەکانی ئازەربایجان، کوردستان و.. بسڕێتەوە. ئەو پلانە درێژخایەنە و ئامانج لێی، چەواشە کردنی مێژوو و جۆغرافیای سەرتاسەری ئێران و پێکهێنانی قەیرانی ناسنامەی نەتەوەییە".