ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤی بە پێشینەی کوردستان لە زیندان ئازاد کرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، مەسعوود کوردپوور لەپاش تێپەڕینی نزیک بە ٣ ساڵ زیندان، لە زیندانی مەهاباد گەڕایەوە بۆ ماڵەوە.
سەرچاوە هەواڵییەکانی کوردپا، تەندروستیی ناوبراویان پشتڕاست کردووەتەوە.

مەسعوود کوردپوور لە دادگای سەرەتایی‏دا بە تاوانی "کۆبوونەوە و هاودەستی کردن دژ بە نیزام" بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری و لە پەیوەندی لەگەڵ "چالاکیی تەبلیغی"دا، ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و سەرجەم بە ٣ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری حوکم درا، کە لە کۆتایی‏دا دادگای پێداچوونەوەی ئۆستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کۆی ماوەکەی بۆ ٣ ساڵ کەم کردەوە.

برایانی کوردپوور (خۆسرۆ و مەسعوود) کە لە ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان‏دا سەبارەت بە ڕەوشی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا چالاکییان دەکرد، ڕێکەوتی ١٧ و ١٩ی مانگی ڕەشەمەی ٩١، لە لایەن ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستەبسەر کران و بۆ ماوەی ٤ مانگ لە بەندیخانەی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەر کران.

پێشتریش مەسعوود کوردپوور ڕێکەوتی ١٧ی گەلاوێژی ١٣٨٧ی هەتاوی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە حوکمی ١ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی شاری "تیکاب"ی بۆ بڕابوویەوە.

لە کاتی گیرانی برایانی کوردپوورەوە تاکوو ئێستا، بە دەیان چالاکی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی ئێرانی و جیهانی داوای ئازاد کردنی ئەو دوو برایان کردووە.