ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی بێهداشت لە پارێزگای کرماشان و ورمێ، تووشبوونی ٢٣ هاووڵاتیی کورد بە ئانفلۆانزای جۆری " H1N1" یان ڕاگەیاند.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوکراونەتەوە، لە پارێزگای کرماشان، ٣٤ حاڵەتی گوماناوی بە ڤیرووسی ئانفلۆانزا دیتراوەتەوە لە جۆری H1N1 ، ناسراو بە ئانفلۆانزای بەراز.
بە وتەی جێگری کاروباری بێهداشتی زانکۆی علوومی کرماشان: "ئەم جۆرە لە ئانفلۆانزا بە خێراییەکی زۆرەوە پەرە دەسێنێ و هێزە پەیوەندییدارەکان بە تایبەت ستادی قەیران دەبێ لە ئامادە باشیدا بن".
ئیبراهیم شەکیبا لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "فارس" باس لە ٨ کەسی تووشبوو لە کرماشان بە نەخۆشینی ئانفلۆانزا دەکات و دەڵێت، ئەو قەیرانە لە ئاستێکدا نییە کە ببێتە هۆی داخستنی قوتابخانەکان".

هەرچەندە ئەم جۆرە ئانفلۆانزایە لە نێو ئاژەڵەکاندا باوە، بەڵام دەتوانێ ببێتە هۆی مردنی مرۆڤەکانیش.
لە دوو حەوتووی ڕابردوودا، لانیکەم ٤٠کە س لە دوو پارێزگای سیستان وبەلووچستان و کرمانیش بە هۆی تووشبوون بە ئانفلۆانزا لە جۆری H1N1 گیانیان لەدەست داوە.
هاوکات لە شاری بیجاڕ، بە نیسبەت مەترسیی بڵاوبوونەوەی جۆری ئانفلۆانزای H1N1، هوشداریی داوە و تۆری بێهداشت و دەرمانیی ئەو شارە، داوای لە هاووڵاتیان کردووە دەمامک بەکار بهێنن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە پارێزگای ئیلامیش، دوو تەرمی گوماناویی توشبوو بە ئانفلۆانزای جۆری A (بەراز)، ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە کە تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار هۆکاری مردنیی ئەو ٢ هاووڵاتییەی بە هۆی تووش بوون بە ئانفلۆانزای H1N1 پشتڕاست نەکردۆتەوە.هەواڵەکان باس لە مردنی چەند هاووڵاتی کورد لە شاری مێهرانیش دەکەن کە گومانی تووشبوونیان بە ڤیرووسی ئانفلۆانزا لێ دەکرێت.





