ئاژانسی کوردپا: ئەشکەوتی پەرستگەی "تاریشا" لە شاری ئیزە لە شوێنەوارە کۆنەکانی تایبەت بە سەردەمی ئیلامییەکانە کە نیگارکەنەکانی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ٢٨٠٠ ساڵ.
ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە وێنەی جوان و سەرنجڕاکێشی ژنان لە نیگارکەنەکانی پەرستگەی "تاریشا"، ئاماژە بۆ پێگە و گرینگیی ڕۆڵی ژنان و ئامادەبوونیان لە کاروبارە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان دەکەن لە سەردەمی ئیلامییەکاندا واتە پێش سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام.
بەپێی ڕاپۆرتی میراتی کولتووری، ئەردشیر ساڵحپوور نووسەر و شرۆڤەکاری کتێبی تاریشا، وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی چەند هەزار ساڵەی ئەم ناوچەیە گوتی:" نیگارکەن بە وێنەی جوان و سەرنجڕاکێش لە "هانی" شای ناوچەی "ئایاپیر"(ئیزە)، "شووتر" و وەزیرەکەی و "ئامانتا" ژنی هانی شا، لە دوو نیگارکەنی جیاوازدا دەبیندرێت کە دەربڕی نیشتەجێ بوون و ڕێز و نزای بنەماڵەی حوکمڕانی ناوچەکەیە بۆ ئەم پەرستگە پیرۆزە".
ناوبراو گوتیشی: "دوو بەردەنووسی دیکەش لە هەمان ئەشکەوتدا هەن، نیگارکەنێک بە پیتی بزماری و بە شێوەی ورد سەبارەت بەم پەرستگە و خودایانی ئیلامی هەڵکەندراوە کە هەموو کەسەکانی نێو ئەو نیگارکەنە بە پێوە وەستاون و دەستیان بەڕێزەوە بەسینگەوە ناوە و لە دۆخی نزا و پاڕانەوەدان و پێیشیان بە نیشانەی ڕێز پەتی کردووە."
شرۆڤەکاری کتێبی تاریشا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەم وينەگەلە بێهاوتان و دەڵێت؛ بە سەرنجدان بە ڕێژەی زۆری نیگارکەنەکان، بەردەنووسەکان و وێنە هەڵکەندراوە ئایینی و مەزهەبییەکان دەتوانین ئیزە "ئایاپیر" وەکوو شاری نیگارکەندەکان و شاری مووزەخانە پێناسە بکەین.





