ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە دێکیۆمێنت سازانی سینەمای ئێران لە بەیانییەیەکدا پشتیوانیی خۆیان بۆ کەیوان کەریمی دەربڕی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٣٧ کەس لە دێکیۆمێنتسازانی سێنەمای ئێران لە بەیانییەیەکدا، ناباوەڕی و سەرسووڕمانی خٶیان لەهەمبەر حوکمی دەرچووی دادگا بۆ کەیوان کەریمی سینەماکاری کورد، دەربڕی.
لەو بەیانییەدا هاتووە: "باوەڕمان بە دادپەروەریی دادگای پێداچوونەوە هەیە و هیوادارین ئەو خراپتێگەیشتنە کە بووەتە هۆی ئەوەیکە کەیوان کەریمی تاونبار لە قەڵەم بدرێت، ڕاست بکرێتەوە و جەخت دەکەینەوە کە ئەمنییەتی کار بۆ دێکیۆمێنتسازانی ئێرانی، وەکوو هەموو توێژە فەرهەنگی و هونەرییەکانی دیکەی ئێران بۆ دروستکردنی بەرهەمە هونەرییەکان پێویستە".
لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران، بەهۆی دروستکردنی فیلمی "نوشتن بر شهر"، سزای ٦ ساڵ زیندانی بۆ کەیوان کەریمی دەرهێنەری کورد بڕییەوە.
هەروەها ئەو سینەماکارە کوردە سزای ٢٢٣ زەربە شەللاقیشی بۆ بڕاوەتەوە.
ئەو بڕیارەی دادگا بەهۆی ئەوەوە بووە کە فیلمی ناوبراو شرۆڤەی سیاسی لێکراوە و دەزگای قەزایی حکوومەت، بە پڕوپاگەندا دژی نیزام لەقەڵەمی دەدات.
ئەو دەرهێنەرە کوردە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئاسۆشێتێدپرێس" ئەو تۆمەتە وەپاڵنراوەای ڕەت کردووەتەوە و گوتوویەتی نێوەرۆکی فیلمەکەی لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکانە.
کەیوان کەریمی، دەرچووی ڕشتەی مودیرییەتی ڕاگەیەنەکانە و برای هونەرمەندی بەناوبانگ و کۆچکردوو تەها کەریمییە.





