ئاژانسی کوردپا: کچە خوێندکارێکی خەڵکی سەردەشت لەگەڵ دوو لاوی دیکەی خەڵکی ئەو شارە، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٩ی سەرماوەز، سروە عەبدی خوێندکاری ڕشتەی "ماف"ی زانکۆی پەیامی نووری پیرانشار هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی عەبدی و دەزگیرانەکەی بەناوی سامان ئیبراهیم پوور کە هەموویان خەڵکی سەردەشت بوون، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ، هێزە لیباس شەخسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر خانووی ئەو ٣ هاووڵاتییە و وێڕای دەستبەسەر کردنیان، دەستیان بەسەر کەرەستەی تاکەکەسی، لەبتاب و کۆمپیۆتێری ئەواندا گرتووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایشی گەیاند کە؛ "پێشتر و لە ساڵی ٩٣دا، سروە عەبدی لەگەڵ سامان ئیبراهیم پوور بە تۆمەتی "چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاڵای کوردستان" دەستبەسەر و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، گوتیشی : "بنەماڵەی عەبدی سەرەڕای سەردانی بەردەوام بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە و ناوەندە ئەمنیەتییەکان وەڵامێکی ئەرێنییان پێ نەداونەتەوە".

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و تاوانی ئەو سێ هاووڵاتیە کوردە بڵاو نەکراوەتەوە.