ئاژانسی كوردپا: بەڕێوەبەری گشتیی "محیط زیست"ی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند كە ئێستا ئەم لم و تۆزە ڕەوەندەی كە لە ئەنجامی ویشكبوونی گۆلی ورمێ‏وە پەیدا بووە، بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵكی ناوچەی "جەبەل كەندی" شاری ورمێ.

پەرویز ئاراستە ڕۆژی شەممە ٧ی سەرماوەز، لە دانیشتنێكدا لەگەڵ نوێنەی وەلی فەقیه لە پارێزگای ورمێ و هەروەها پێشنوێژی ئەم شارە ڕایگەیاند كە، بەهۆی ویشكبوونی گۆلی ورمێ‏وە، دۆخی ناوچەی "جەبەل كەندی" لەم شارە ئاڵۆز و خراپ بووە. ناوبراو ئەوەشی زیاد كرد كە خەڵكی دەڤەرەكە بە هۆی ئەم دۆخە نالەبارەوە، ژیانێكی تاڵ و ئاستەم بەسەر دەبەن.

پەرویز ئاراستە سەرەڕای ئەوە كە بۆ ڕاگرتنی ئەو لم و تۆزە پێشنیاری هەڵمەتێكی جیدیی چاندنی نمامی گەز و قەرەداغ لەو ناوچەیە دەكات، ڕایگەیاند كە ئێستا لە عەمەلیاتێكدا، بە ڕووبەری ٤٠٠ هێكتار، لەو زەوییانەدا نمامی گەز و نمامی قەرەداغ دەچێندرێت.

ناوبراو هەروەها دەڵێت كە، لەو ناوچەیە بەربڵاویی ئەو تۆز و لمانە دەگاتە ٢٠٠٠ هێكتار، بەڵام لە قۆناغی یەكەم‏دا، ئێمە ٤٠٠ هێكتاری بە چاندنی نمام جێبەجێ دەکەین، واتە لە ٣٥٠ هێكتاریدا نمامی گەز دەچێنین و لە ٥٠ هێكتارەکەی دیكەشدا نمامی قەرەداغ دەچێنین.