ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕبوونی نیوەی وەرزی سەرما لە کوردستان، پۆلەکانی خوێندنی قوتابیانی بانە هێشتا لە نەوت و ئامرازی گەرمکەرەوە بێبەشن.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابخانەکانی شاری بانە سەر بە پارێزگای سنە، لەگەڵ نەبوونی سووتەمەنی و کەرەستەی گەرم کەرەوە بەرەوڕوو بوون و قوتابییەکان لە سەرمای زستاندا درێژە بە خوێندن دەدەن.
لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا پلەی گەرما لە کوردستان و شاری بانەش دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بۆ ١٠ پلە دابەزیوە.
سەرچاوەکانی هەواڵی کوردپا ڕایانگەیاند کە داوای گەیاندنی سووتەمەنی بۆ قوتابخانەکان لە لایەن بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنانەوە بێ وەڵام ماوەتەوە و باس لە دەستپێوەگرتنی وزە دەکەنە بیانوو.
نەبوونی نەوت لە قوتابخانەکانی شاری بانە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بەو شارە دەنگدانەوەی هەبووە و باوک و دایکی قوتابییەکان بەنیسبەت دواهاتەکانی کەمتەرخەمیی بەرپرسان کە دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتنی ڕۆڵەکانیان ، بەپەرۆشن.
دۆخی نالەباری سیستمی گەرمکەرەوەی قوتابخانەکانی بانە لە حاڵێکدا میدیایی دەبێتەوە کە بەرپرسی شیرکەتی میللی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی ناوچەی کوردستان، بە هەواڵدەریی مێهری وتووە " لە ئەمساڵدا ٥٨ میلیۆن لیتر نەوتی سپی دابەش کراوە."
بەپێی ئامارەکان، لە شاری بانەدا تەنیا ٧٠٠ قوتابی لە قۆناغی دواناوەندی (دەبیرستان)دا سەرقاڵی خوێندنن.





