ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، دوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، لە زیندان ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممەی حەوتووی ڕابردوو، سزای ٨ مانگ زیندانیی کامیل مام شێخ کوڕی محەممەد، کۆتایی پێهات و ناوبراو ئازاد کرا.
مام شێخ لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە زیندانی کرابوو.
ئەو زیندانییە تەمەن ٣٩ ساڵە، سەرەتای مانگی بانەمەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی و دوای بانگهێشت کران بۆ ناوەندی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە، دەستبەسەر و ڕەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکان کرابوو.

لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی نەغەدە بە پشتبەستن بە مادەی ٤٩٩ و ٥٠٠ی یاسای سزا ئیسلامییەکان، بە تاوانی "هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" سزای ٢ ساڵ و ٨ مانگ زیندانی بەسەر کامیل مام شێخدا سەپاند.
دواتر دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سزای دادوەر غولامیی ڕەد کردەوە و سزاکەی بۆ ٨ مانگ زیندان، کەم کردەوە.
کامیل مام شێخ، دانیشتووی گوندی "خەلیفان" ی نەغەدەیە کە پێشتریش چەندین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کرابوو.





