ئاژانسی كوردپا: لە دەرئەنجامی هەڵكۆڵین لە ناوچەی دەشتی"سیلاخۆری"ی لوڕستان، بە دۆزینەوەی ئاسەواری میعماری و كەرەستەی كولتووریی وەك گڵینەی ناسراو بە "باخی نوێی خوڕەم ئاوا"، پشكێنەران گوندێكی ٧ هەزار ساڵەیان دۆزییەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "میراس فەرهەنگی" ئەحمەد پەرویز، سەرپەرەشتیاری هەیئەتی پشكێنەری دەشتی سیلاخۆر ڕایگەیاندووە كە:"كۆنترین شوێنە پشكێندراوەكان لە دەشتی سیلاخۆری لوڕستان، گڵینەی ناسراو بە"باخی نوێی خوڕەم ئاوا"ی لێ دۆزراوەتەوە كە هاوتایی ئاسەواری گوندە ٧ هەزار ساڵەكان دەكات".

ئەم كەونینەناسە باسی لەوە كردووە كە لە ڕێی ئەو ئاسەوارانەی دۆزراونەتەوە و بە یارمەتیی پشكنینە كەونینەناسانەكان و لێكۆڵینەوە لە سەرچاوە نووسراوەكان و پانتای جوغرافیایی ناوچەكە، دەكرێت بەشێكی گرینگ لە ڕابردوو و مێژووی ناوچەكە نۆژەن بكرێتەوە. هەروەها گوتیشی كە ئەو پشكنینە گرینگیی تایبەتی هەیە لەبواری لێكۆڵینەوە لە شێوازەكانی نیشتەجێ‌بوون و كاتی نیشتەجێ‌بوونەكان، ناسینی ژینگە و ژیاری كەونارا، مێژووی ئاڵوگۆڕە سیاسی و كولتوورییەكانی مرۆڤەكان و نووسینەوەی ڕابردوو و مێژووی بەشگەلێكی ئەو بوارە.

ناوبراو، هەبوونی ئاوی زۆر و خاكی بەپیت و ڕووبار و كانیاوی زۆر و زەوەندی بە هۆكاری نیشتەجێ‌بوونی خەڵك لە ناوچەی دەشتی سیلاخۆر دەستنیشان كردووە و باسی لەوە كردووە كە زۆربەی شوێنەكانی ئەم ناوچە بەرفراوانە، بۆ سەردەمە دوورودرێژەكان، خەڵكانێكی لێ نیشتەجێ‌ بووە كە ژیانی نیشتەجێیان هەبووە و كۆچبەر نەبوونە و لە نێوان ئەو ناوچانەدا وەكوو پڕحەشیمەت‏ترین ناوچەی كەون، ئاماژە بە ناوچەی "كۆهایین دەشت" دەكات.