ئاژانسی کوردپا: دوای هەڵمەتێکی پشکنین، ئاسەوارناسان، هەبوونی ژیار و شارستانیەت لە دەوروبەری شاری سەردەشت سەلمێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ناوچەی مێژوویی پێنج گوندی شاری سەردەشت، شوێنی ژیان و مانەوەی مرۆڤ لە شەش هەزار ساڵ پێش لە لەدایک‏بوونی مەسیح بووە.

ئاسەوارەکان لە پێنج ناوچەی "نیسک ئاوێ ، بریسوێ، باڵان، باخێ و برزیلێ" دۆزراونەتەوە.

سی پشکێنەر، لە هەڵکۆڵینی نوێی خۆیاندا توانیویانە ئاسەواری ژیان، جێگیربوونی مرۆڤ و ئاسەواری چاخی نوێی بەردینەیان بدۆزنەوە کە لە ڕوانگەی ئاسەوارناسییەوە بە " شیاوی گرینگی پێدان" ناسێندراوە.

بەرپرسی پرۆژەی پشکنینەکە بە ماڵپەڕی ئیسنای ڕاگەیاندووە کە " لە درێژەی ئەم هەوڵەدا بڕیارە چندین توێژی دیکەش هەڵدرێتەوە و ئەو کەل‏وپەلانەی کە لەوێ دەدۆزرێنەوە بە مەبەستی توێژینەوەی زیاتر، بۆ مووزەخانەی ئورمیە دەگوازرێنەوە.

گردی "رەبەت ١" یەکێک لە دەوڵەت شارەکانی ئێران بە ئەژمار دێت کە سەرەڕای دۆزینەوەی لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی‏دا، هیچ کارێکی لەسەر نەکراوە و سێ حەوتوو بەر لە ئێستا هەڵکۆڵینی سیستماتیک لەو گردەدا دەستی پێکردووە.

ئەو پشکنینە گرینگە لە کوردستاندا لەحاڵێکدایە کە، پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکان یەکێک لە سەرئێشە جیدییەکانی ڕێکخراوی میراتی فەرهەنگی و پیشە دەستییەکانی ئێران بە ئەژمار دێت، بە جۆرێک کە دزین و بەتاڵانبردنی ئەو ئاسەوارانە بە شێوەیەکی سیستماتیک بووەتە پیشەیەکی پر داهات.

شاری سەردەشت بە حەشیمەتێکی ١١٠ هەزار کەسییەوە لە هەبوونی مووزەخانە بێ‏بەشە و لە ئێستادا زۆربەی ئاسەوارە مێژووەییەکانی ئەو شارە بۆ دەرەوەی کوردستان دەگوازرێنەوە.