ئاژانسی کوردپا: بڵاوبوونەوەی بەرهەمە هونەرییەکانی چەندین هونەرمەندی ئێرانی لە ماڵپەڕێکی فەرهەنگی و هونەریی ئەمریکایی، ڕاگیرانی چالاکیی ئەو هونەرمەندانەی بەدواوە بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە وڵاتی ئێران بیست و چوار هونەرمەندی بواری موسیقای پاپ و سونەتی، بەهۆی هاوکاری لەگەڵ ماڵپەڕێکی ئینتێرنێتی بە ناوی "رادیو جوان" چالاکییەکانیان ڕاگیرا.
لە نێو ئەو لیستەی کە ڕۆژنامەی "اعتماد" بڵاوی کردووەتەوە، ناوی ٤ هونەرمەندی کورد بەناوەکانی حافێز نەزەری، موحسین چاوشی، سیروان و زانیار خوسرەوی دەبیندرێت کە دوو کەسیان تەنیا گۆرانی فارسییان خوێندووە.
هەرچەند هێندێک لە بەرپرسانی فەرهەنگیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەها لیستەیەک بەدرۆ دەخەنەوە، بەڵام سەرپەرەستی دەفتەری موسیقای وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد بە باسکردن لە " کاتی بوونی ڕاگرتنی چالاکییەکانیان" ناڕاستەوخۆ هەواڵی پەیوەندیدار بەو هونەرمەندانەی پشتڕاست کردووەتەوە.
فەرزاد تاڵبی لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "مێهر" وێڕای بە " دوژمن" لەقەڵەم دانی "رادیو جوان" گوتی، " لەئێستادا سەرقاڵی ئەو گیر و گرفتانەین کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاتوونەتە ئاراوە و هەوڵدەدەین هەرچی زووتر ئەو گیر و گرفتانە چارەسەر بکەین".
هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئێراندا ئیدیعا دەکەن کە بەشی فەرهەنگیی وەزارەتی ئیتلاعات کە بە "ساختمان فجر" ناسراوە، لە بەرتەسک کردنەوە و ڕاگرتنی چالاکیی هونەرمەندانی بواری موسیقادا ڕۆڵی هەیە.
بڵاو کردنەوەی کلیپ لە کەناڵە ئاسمانییەکان و سەرپێچی لە کۆنسێرتەکان لە هۆکارەکانی دیکەی ڕاگیرانی چالاکیی هونەریی هونەرمەندانێک وەکوو ؛ فەرزاد فەرزین، رەزا سادقی، موحسین یەگانە، سەعید و مەهدی مودەڕس، شەهرام شکووهی، ئێحسان خاجە ئەمیری، عەلی لوهراسبی، گرووپی چوارتار و هومایون شەجەریان لە ئێراندا ڕاگەیەندراوە.
لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی سیستماتیک گوشار بۆ سەر هونەرمەندان زیادی کردووە و هەر لەو پەیوەندییەدا، بەشداریی ژنان وەکوو ژەنیار و "همخوان" لە کۆنسێرتەکاندا لە ١٣ پارێزگادا یاساغ کراوە.
عەلی جەنەتی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی دەوڵەتی "تدبیر و امید"ی حەسەن ڕووحانی، لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاری، بە گوتنی ئەوەی کە دەیهەوێ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد بکاتە ماڵە باوانی هونەرمەندان، باسی لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە بیاڤی فەرهەنگی، بەتایبەت لە بواری موسیقادا کردبوو.





