ئاژانسی کوردپا: لە چەندین شاری کوردستانی ئێران، ڕۆژی جیهانیی منداڵان لە ژێر دروشمی( ئاشتی و دۆستی) بە ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە چوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، منداڵانی شارەکانی بۆکان، مەریوان و دەڕەشار، ڕێزیان لە ڕۆژی جیهانیی منداڵان گرتووە و بەو بۆنەوە کۆلارەیان هەڵداوە.

لە شاری بۆکان بەو بۆنەیەوە پیشانگای نیگارکێشیی منداڵان کراوەتەوە و لە لایەن کانوونی پەروەردە کردنی فیکریی منداڵان و مێرمنداڵانەوە ڕکابەریی نیگارکێشی بۆ منداڵان وەڕێ خراوە.

لە شاری مەریوان وەکوو نەریتێکی ساڵانە، منداڵان بە ئامادە بوونی بنەماڵەکانیان لە دەشتی " کۆڵان" کۆڵارەیان هەڵداوە.

ئەو ڕێوڕەسمە بە هاوکاریی ناوەندی پەروەردەیی فیکریی منداڵان و بەشی تەندروستی و شارەوانیی مەریوان بەڕێوە چووە.

لە لایەکی دیکەوە، شاری دەڕەشاریش لە بەڕێوەبردنی ئەو بۆنەیە خەمسارد نەبووە و بە نیگارکێشی و هەڵدانی کۆڵارە، یادی ڕۆژی جیهانیی منداڵانیان کردووەتەوە.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی ٨ی ئۆکتۆبری وەکوو ڕۆژی جیهانیی منداڵان دیاری کردووە و لە هێندێ لە ‌وڵاتانی دیکەش، ئەو ڕۆژە جیاوازە. شایانی باسە لە وڵاتی ئێران ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەر، وەکوو ڕۆژی جیهانیی منداڵان ڕاگەیەندراوە.