ئاژانسی کوردپا: دووهەمین فێستیڤاڵی شێعری " مناڵ و مەلوچک" بە بەشداریی دەیان بەرهەمی کوردی لە یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ئیلام دەستی بەکارەکانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەو فێستیڤاڵەدا کە لە ئەیوانغەرب بەڕێوە دەچێت،٩٠ شاعیر لە ٦ پارێزگاوە بەرهەمەکانیان بۆ بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە ناردووە.

لەسەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک کۆڵارە بە نیشانەی ئاشتی و پێشوازی لە ڕۆژی جیهانیی منداڵان هەڵدراون.

"دونیا بە پێکەنینی منداڵانەوە جوانە" دروشمی ئەمساڵی حەوتووی منداڵان لە ئێران بووە.

پاشان بەرپرسی ئەنجومەنی شێعر و ئەدەبی شارستانی ئەیوان باسی لەوە کردووە کە ئەیوانغەرب وەکوو بنکەی سەرەکیی دەبیرخانەی فێستیڤاڵەکە دیاری کراوە.

شاعیرانێک لە پارێزگاکانی کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، ئیلام، لوڕستان و هەمەدان لە فێستیڤاڵی "مناڵ و مەلووچک"دا بەشدار بوون.

پێشتر باس لەوە کرابوو کە ئامانج لە بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە، پاراستن، تۆمارکردن و کۆکردنەوەی شێعر و بەرهەمە ئەدەبییەکانی کوردی، سەرنج و بایەخدان بە ئەدەبیاتی منداڵان و جیاکردنەوەی شێعری منداڵان لە گەورەساڵانە.

خوێندنەوەی شێعر لە لایەن منداڵان، ژەنینی مۆسیقا، بەڕێوەبردنی پانێلی زانستی لەسەر شێعر لە بەرنامەکانی فێستیڤاڵی مناڵ و مەلووچک دەبن.

"مناڵ و مەلوچک" بە واتای منداڵ و چۆلەکە دێت.