ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی چالاکی بەسیج لە شاری ورمێ لە بەردەم دووکانێک لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوە تەقەی لێکراوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئیوارەی دوێنی رێکەوتی ٢٩ی خەرمانان، لەیەکێک لە کۆڵانەکانی گوندی "دزەی مەرگەوەڕ"ی سەر بە شاری ورمێ ئەندامێکی بەسیج بە ناوی حوسێن پووری لەلایەن کەسانێکی نەناسراوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژراوە.
حوسێن پووری ئەندامی ناسراوی "پاسدارن افتخاری" رێکخراوی بەسیج لە شاری ورمێ بووە.
هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێەوە راگەیاند: حوسێن پووری لە ناو خەڵکدا بە حوسێن بێریڤان ناسراوە و یەکێک لە سەرکردەکانی بەسیج لە ناوچە سنوورییەکانی مەرگەوەڕی ورمێ بووە.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی بە دەست ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، ئەو ئەندامە خۆجێیەی سپا لەم چەند ساڵەی دوایدا لە ئازار و ئەشکەنجەی " سیستماتیک"ی لاوان و کۆڵبەراندا دەستی هەبووەو لایەن ناوەندە ئەمنیەتەکانی حکوومەتییەوە پشتیوانی لێدەکرا.
پێشتر ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا رایگەیاندبوو، لانیکەم ١٠ ئەندامی سپای پاسداران لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی "سپای شهدا" بە هۆی دزی کردن لە ئەنباری چەکوچۆڵ، دەستبەسەر کراون.
دەوترێ حوسێن بێریڤانیش یەکێک لە دەستبەسەر کراوەکان بووە.
پێشتریش لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی "تێجرموزد گیر" لەلایەن کەسانێکی نەناسراوە کوژرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، هیچ کەسێک لە پێوەندی لە گەڵ کوشتنی حوسێن پووری دەستبەسەر نەکراوە، هەروەها هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا باسی لە دۆخی ئەمنیەتی لە گوندی دزە و ئەو ناوچەیە کردووە.





