ئاژانسی کوردپا: لە چەندین شاری کوردستانی ئێران بە هۆی رووداوی سروشتی هەورە تریشقەوە ٤ کەس گیانیان لە دەست داوە و ٥ی دیکەش بە توندی بریندار بوونە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٩ کەس لە شارەکانی نەغەدە، پیرانشار و ورمێ بە هۆی بەرکەوتنی هەورە تریشقە کوژراو و بریندار بوون.

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی باوبۆرانی لەناکاو لە ئاوایی کەوپەڕی سەر بە شاری پیرانشار کەسێک بە ناوی " حەمید" بە هۆی هەورەتریشقەوە گیانی لەدەست داوە.

لە لایەکی دیکەوە لە ئاوایی "گردوان"ی ورمێ دوو برا بەر هەورەتریشقە کەوتوون و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە و ئەوی دیکەش جەستەی تووشی سووتان هاتووە و ئاوایی " ماسوێ" لە نەغەدەش لە هەرەتریشقە بێبەری نەبووە و لاوێکی ئەو ئاواییەش گیانی لەدەست داوە.

لە ناوچەکانی ورمێش هەورەتریشقە قوربانی لێکەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە لاوێک بە ناوی " عوزەیر سوڵتان دووست"ی خەڵکی بەخشی سیلوانا گیانی لەدەست داوە.

لەو رووداوەشدا، محەممەد سولتان دووست برای عوزەیر بریندار و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

هەروەها لە مەحاڵی مڕگەوەریش سێ کەسی دیکە بە هۆی ئەو رووداوە سروشتییەوە بریندار بوون.

زاهیر و وەلی فەسیح کوڕ و باوک و دانیشتووی ئاوایی " تەلکە" هەورەتریشقەیان بەرکەوتووە و بریندار بوون.

فازل سەلامەت شوناسی هاووڵاتییەکی دیکەی ئاوایی " تیبتان"ــە کە هەورەتریشقە لێی داوە.