ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکان چالاکێکی مەدەنی ــ فەرهەنگیی کوردیان لەشاری ورمێ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار رایانگواستووە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری ورمێ ڕژاونەتە ماڵی کەسێک بە ناوی فەرهاد عەلیزادە و دەستبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
فەرهاد عەلیزادە خەڵکی شاری شنۆیە و ماوەی پێنج ساڵ دەبێ لەشاری ورمێ گیرساوەتەوە و سەرقاڵی کاری هونەریی و فەرهەنگیی بووە.
ئەو هاووڵاتیە کوردە لە شوێنە فێرکارییەکانی ورمێ راهێنانی ژەنیاریی بە لاوەکان کردووە و هاوکاتیش لە کۆر و کۆبوونەوە ئەدەبیەکاندا شێعری خویندووەتەوە.
ئەو چالاکە فەرهەنگییە پێشتریش لەساڵی ١٣٩٢دا جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوو و پاش حەفتەیەک راگرتنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا ئازاد کرابوو.
دەوترێت کە فەرهاد بە تۆمەتی "پروپاگەندە بە دژی نیزام" دەستبەسەر کرابوو.





