ئاژانسی کوردپا:ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی کەنگاوەر لە چالاکییەکدا دەستیان دایە خاوێن کردنەوەی شوێنەوار و ئاسەواری دێرینی ئاناهیتا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەر بانگەوازی کەمپەینی (تۆمارکردنی ئاناهیتا وەکوو ئاسەوارێکی جیهانی) رێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی شاری کەنگاوەر "پەرستگەی ئاناهیتا"یان لە شاری کەنگاوەر لە زبڵ و پاشماوەکان خاوێن کردەوە.

ماوەیەکە لە کەنگاوەر کەمپەینێک لەژێر ناوی" تۆمارکردنی ئاناهیتا وەکوو ئاسەوارێکی جیهانی" پێکهاتووە و کەمپەینەکە لە هەوڵی ئەوە دایە کە ئاناهیتا لە ریزی ئاسەوارە جیهانییەکاندا تۆمار بکەن.

وشەی ئاناهیتا بە واتای "فریشتە، پاسەوانی ئاو، فراوانی و جوانی"یە و ئەو پەرستگەیە بایەخێکی تایبەتی لەلای خەڵکی کەنگاوەر هەیە.

مێژووی دروستکرانی پەرستگەی ئاناهیتا بۆ سەردەمی ساسانی و ئەشکانییەکان دەگەڕێتەوە و بە رووبەری ٢٢٠ میتر درێژی و ٢١٠ میتر پانایی لە شاری "کەنگاوەر"ی سەربە ئوستانی کرماشان هەڵکەوتووە.

سەرەڕای پێشینەی كۆن و مێژینەیی ئاناهیتا لە ئاستی ئێراندا، هەتا ئێستا وەك ئاسەوارێكی جیهانی لەلایەن یۆنسكۆوە تۆمار نەكراوە.

وێنە: کنگاور نیوز