ئاژانسی کوردپا: هەواڵ و زانیارییەکان باس لەتێکهەڵچوونی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران و هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران دەکەن.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێ شەممە رێکەوتی ١٠ی خەرمانان لەناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت شەڕ لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی سەر بە حیزبە کوردییەکان رووی داوە.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە، ئەو شەڕە کاتژمێر ٨ بۆ ٨ و نیوی شەو دەستی پێکرد و لەسەرەتادا دەنگی چەند تەقەیەکی چەکی سووک هات و دواتر هێزەکانی سوپای پاسداران کوێرکوێرانە ناوچەکەیان دایە بەر تۆپ و خۆمپارە.
سەرچاوەکە لەوتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو تێکهەڵچوونە لەنزیک ئاوایی " سیسێر"ی سەر بە رەبەت رووی داوە. باس لەوەش کراوە حکوومەتی ئێران هێزێکی زۆری رەوانەی ئەو ناوچەیە کردووە و ناوچەکەش بە تەواوەتی ملیتاریزە کراوە.
کەسانی دانیشتووی ئەو ناوچەیە ڕایان وابووە کە هێزە کوردییەکان سەر بە " حیزبی دێمۆکراتی کوردستان" بوون.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە بەرپرسانی حدک ئەو شەڕەیان وەئەستۆ نەگرتووە و روونکردنەوەیان لەسەر نەداوە.
ساڵی ١٣٨٥ ژمارەیەک ئەندامی رێبەریی و کادر و پێشمەرگە لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران جیا بوونەوە و ناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیان لەسەر خۆیان دانا کە هەتا ئێستاش لەلایەن حدکاوە بە فەرمیی نەناسراون.
ماوەی چەند مانگێکە و پاش ئەوەی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسۆنی حکوومەتی ئێران دەستیان بە جموجۆل لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران کردووە، ماوە بە ماوە شایەتی بیستنی هەواڵی شەڕ و تێکهەڵچوون لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانین.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە بەدوو هێزی سەرەکیی کوردستانی ئێران دێنە ئەژمار، بە وتەی بەرپرسەکانیان هێزییان لە سنوورەکان جێگیر کردووە.
لەو بارەیەوە حدکا بە فەرمیی بنکە و بارەگای لەناوچە سنوورییەکانی کێلەشین داناوە و پێشمەرگەکانی لەو ناوچانە سەرقاڵی چالاکین.
ئەوان دەڵێن چالاکییەکانیان تەنیا لە چوارچێوەی تەشکیلاتی و رێکخستنەوەی ئەندامەکانیان دایە.





