ئاژانسی کوردپا:راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لەخۆکوژی ژنێک لە مەریوان و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە سەپاندنی ٦ ساڵ زیندان بەسەر گولڕۆخ ئیبراهیمی و زیادکردنی ٢ ساڵ حوکمی بەهارە هیدایەت لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
حەفتەی یەکەمی مانگی خەرمانانی١٣٩٤ی هەتاوی
کوردستـــــــــــان
مەریوان: ژنێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

لەدرێژەی رەوتی خۆکوژی ژنان و کچانی کورد، ژنێکی مەریوانی لەرێگای خۆستووتاندنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، چەند رۆژ پێش ئێستا ژنێکی مەریوانی بە ناوی سارا ئیقباڵی لەرێگای خۆسووتاندنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ئەو ژنە تەمەن ٣٨ ساڵانە دوو ساڵ بەر لەئێستا لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە و دایکی دوو منداڵیش بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سارا کە دوای جیابوونەوەی لەماڵی باوکی دەژیا، بەهۆی ئەوەی کە هاوسەرەکەی ئیزنی نەداوە منداڵەکانی ببینێت دەستی داوەتە خۆکوژی و لەئاکامدا گیانی لەدەست داوە.
ئێران
گوڵڕۆخ ئیبراهیمی سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

گوڵڕۆخ ئیبراهیمی چالاکی مەدەنی دانیشتووی شاری تاران، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە سزای ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ٣١ی گەلاوێژ، لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران، گوڵڕۆخ ئیبراهیمی، چالاکی مەدەنی دانیشتووی ئەو شارەی بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.
ناوبراو ١٥ی خەرمانانی ساڵی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ ئارەش ساد و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
بەهارە هیدایەت ٢ ساڵ زیندانی دیکەی بەسەردا سەپا

بەهارە هیدایەت، چالاکی خوێندکاری و ئەندامی شۆرای ناوەندی " دفتر تحکیم وحدت" لەبەرەبەرەی کۆتایی هاتنی ماوەی حوکمەکەی دوو ساڵی دیکە زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە،لە بەرە بەرەی کۆتایی هاتنی ماوەی مەحکومیەتی بەهارە هیدایەت، دوو ساڵ سزای زیندانی تەعلیقی ناوبراو کرا بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری.
بەهارە هیدایەت دوابەدوای شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لە رێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ئەو ساڵەدا لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە تاوانی بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و پڕوپاگەندە بە دژی نیزام بە ٥ ساڵ زیندانی و پیشتریش بە تۆمەتی "بێڕێزی کردن بە رێبەر"ی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراوی بۆ بڕابۆوە.
هەروەها حوکمی ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراوەکەی چووە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە و بە حوکمەتەعزیرییەکەی زیاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە بە گشتی ماوەی ٧ ساڵ و نیو زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.
ئامادە کردن : شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا" ( ٢حاڵەت)





