ئاژانسی کوردپا: میدیاکار و رۆژنامەنووسانی ئوستانی ئیلام سەبارەت بە دۆخی " ماڵی چاپەمەنی" و نەبوونی شەفافیەت و روونی لەچالاکییەکانیدا ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لەرۆژنامەنووسان و بەرپرسانی چاپەمەنییەکان لەئوستانی ئیلام بە نووسینی نامەیەک بۆ ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشاد ئیسلامی داوای پێڕاگەیشتن بە دۆخی ماڵی چاپەمەنیان کردووە.

لەنامەکەدا کە لانیکەم بە واژۆی ٦٥ کەس لەمیدیاکاران و رۆژنامەنووسانی ئوستانی ئیلام گەیشتووە باس لە دۆخی خرابی ٤٠٠ بەرهەمی فێستیڤاڵی چاپەمەنییەکان کراوە.

نامەی ناڕەزایەتی میدیاکار و رۆژنامەنووسانی ئوستانی ئیلام سەبارەت بە دۆخی " ماڵی چاپەمەنی" خۆیان دەربڕیوە

ماڵپەڕی "ئیلام بیدار" بڵاوی کردووەتەوە، لەو نامەیەدا باس لەچەکێکی ٣٠ میلیۆن تمەنی لەلایەن شارەوانییەوە کە لە بەڵێنییەکانی ماڵی چاپەمەنی بووە و هەتا ئێستاش کەس لێی سوودمەند نەبووە.

رۆژنامەنووسانی کورد داواکارییەکانیان لە ٨مادەدا گەڵاڵە کردووە و پێشکەش بە بەرپرسی گشتی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد ئوستانی ئیلام" محەممەد عەلی نیاکان" کردووە.

رۆژنامەنووسان دەڵێن پێویستە بەپرسی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئوستانی ئیلام کات و شوێنی کۆبوونەوەی گشتی دیاری بکات و دەبێ هەڵوێستیش لەسەر مانەوە یان لابردنی ئەندامانی هەیئەت مودیرەی چاپەمەنی ئیلام بگیردرێت.

ئاوڕدانە لە پێگە و کاری هەواڵنێرانی لەئوستانی ئیلام یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی ئەو ٦٥رۆژنامەنووسە بووە.

"خانە مەتبوعات(ماڵی چاپەمەنی)" ئوستانی ئیلام لە ٥٤ ئەندام پێکهاتووە و بەرپرسایەتی ئەو شوێنە لە ئەستۆی "عەبدولحەمید کەرەمی"یە.