ئاژانسی کوردپا: ماوەیەکە نەخۆشەکانی وەکوو ژنانی دووگیان و کەسانی دیکەش بە دەست بێ ئیمکاناتی نەخۆشخانەی شاری سەردەشتەوە دەناڵێنن و نەخۆشخانەکەش لەوەرگرتنی نەخۆش خۆی دەبوێرێ.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەشاری سەردەشت ماوەیەکە نەخۆشخانەی ئەو شارە بە بیانووی بێ ئیمکاناتی خۆی لەوەرگرتنی نەخۆشەکان بە تایبەتی ژنانی دووگیان بواردووە و ئەو ژنانە بە ناچاری روو دەکەنە شارەکانی دیکە.

بەوتەی ژمارەیەک لەکەسوکاری ئەو نەخۆشانە، زۆر جاریش کە نەخۆشخانە نەخۆش وەردەگرێت بە دوور لەئەرکی پزیشکی هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت و پشت گوێیان دەخەن.

ئەمانە لەحاڵێکدان کە هەتا ئێستا چەندین حاڵەتی گیان لەدەست دانیش بە هۆی کەمتەر خەمی پزیشکییەوە لەنەخۆشخانەی شاری سەردەشت رووی داوە.

ماوەیەک لەمەوبەر ژنێکی دووگیان لەنەخۆشخانەی " ئیمام خومەینی" شاری سەردەشت بە هۆی کەمتەر خەمی پزیشکەکانەوە گیانی لەدەست دا.

عیسمەت تەمەن ٣٥ساڵ ناوی ئەو ژنە بوو کە کەمتەر خەمی و درنگ پێراگەیشتن پێی، بووە هۆی گیان لەدەست دانی و هاوکاتیش کورپەلەی ناو زکیشی مردبوو.

لەلایەکی دیکەوە خەڵکی ئەو شارە بەدەست گرانی و نەبوونی دەوا و دەرمانەوە لە فشاردان و زۆر جاریش ئەو دەرمانەی کە پێویستیانە لەو شارە دەستیان ناکەوێت.

بەشێک لەهاووڵاتیان بەتایبەت دانیشتوانی ئاواییەکان دەڵێن :"لەنەخۆشخانەی شاری سەردەشت، دەفتەرچەی بیمەمان لێ قبووڵ ناکەن و ناچارین کە بە پارەیەکی زۆر دەوا و دەرمان بکرین".