ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندانی کوردی خەڵکی شاری پاوە گۆرانییەک بۆ پشتیوانی و رزگار کردنی کانی بڵ بەرهەم دێنن.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هونەرمەندانی کورد لە شاری پاوە گۆرانییەک لەژێر ناوی" نیشتمان" کە ماوەی ٧ مانگ بوو سەرقاڵی هۆنینەوەی بوون بۆ پشتیوانی لە کەمپەینی کانی بڵ بڵاو دەکەنەوە.
ئەو گۆرانیە بە دەنگی هونەرمەندان شاهۆ حوسینی،شوعەیب خالیدی زادە و ئارام مستەوفی بەرهەم هێنراوە.
بەڕێوەبەری هەیئەت مودیرەی خانەی موسیقی و شاعیری ئەو بەرهەمە بە کەمپەینی پشتیوانی لە کانی بڵی راگەیاندووە، دانانی ئاوازی ئەو گۆرانیە لەلایەن هونەرمەندی ناوداری کورد "هۆزان سەرحەد" بووە کە لە ساڵی ١٩٩١ بە ئامێری ساز لەژێرناوی " هەولێر" بەڕێوەی بردووە.
بەرهەمهێنەرانی ئەو گۆرانییە دەڵێن، ئێمە ئەو گۆرانییەمان بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی کانی بڵ کە بە ناسنامەی ناوچەکەمان " هەورامان " دەناسرێت، بەرهەم هێناوە.
هەوڵەکان بۆ رزگاری کانی بڵ لە ساڵ ١٣٨٠ی هەتاوی دەستی پێکردوە، کە لە ماوەی ئەو ١٤ ساڵەدا بێ ئاکام بووە و تەواوی رێکارەکانی حکوومەتیش نە تەنیا لە راستای رزگارکردنی کانی بڵ نەبووە، بەڵکو ئەگەری لە ناوچوونی زۆرتر کردووە.
ئەو کانیاوە کە لە١٥ کیلۆمیتری شاری نودشە و سێ کیلومیتری ئاوایی مێژووی ـ مەزهەبی هەجیج هەڵکەوتووە لەهەر چرکەیەکدا سێ هەزار لیتر ئاوی هەیە و ئەو ئاوەش دڕژێتە رووباری سیروانەوە.
شارەزایان لەو بارەیەوە ڕایان وایە، لەناوچوونی کانی بڵ لێکەوتەی نەرێنی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی بۆ سەر ناوچەکە دەبێت و لە ئەگەری ئاوگیری بەنداوی داریان، بووژاندنەوەو و رزگارکردنی کانی بڵ زۆر ئەستەم دەبێت.
کانی بڵ ناوەکەی لە خودای بابلییەکان وەرگرتووە و لەزمانی یۆنانیدا بە واتەی خودای ئاوەکان دێت.





