ئاژانسی کوردپا: سێ شاخەوانی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بۆ پشتیوانی لە ژینگە و چیای ئاویەر، لووتکەی دەماوەندیان بڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: عەبدوڵڵا پەروانە، سەلیم خزری و بێهنام زاد، ئەو سێ شاخەوانە کوردەن کە بە هەڵگرتنی دروشمی" ئاویەر سەر لەنوێ سەر هەڵدەداتەوە " چیای دەماوەندییان خستە ژێر پێ.

ئەو سێ شاخەوانە کوردە کە بەو کارەیان خۆشەویستی خۆیان بۆ ژینگەی کوردستان دووپات کردووەتەوە، بە نیشانەی پشتیوانی لە چیای ئاویەریش دروشمی " ئاویەر سەر لەنوێ سەر هەڵدەداتەوە"یان لەسەر دەماوەند نووسیوە.

رۆژی پێنج‌شەممە ١٨ی پووشپەڕیش، کۆمەڵێک لەچالاکانی ژنان و ژینگەپارێزی، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بۆ مەحکووم کردنی ئەنجامدەرانی ئاگرکەوتنەوەکەی کێوی ئاویەر، لەگوێزەکوێرەی شاری سنە بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا چالاکانی مافی ژنان و ژێنگەپارێزی داوایان لە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە شاری سنە کردبوو تاوانبارانی ئاگرکەوتنەوەکەی ئاویەر دەستبەسەر و سزا بدەن.

دوانیوەرۆی رۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕ، ئاگرکەوتنەوە لە چوار لاوە لەچیای ئاویەری سنە روویداو بەشێکی زۆری لە سەیرانگای ئاویەر لەو ئاگرکەوتنەوەدا سووتان.

ئاگرکەوتنەوەکەی ئاویەر شوێنەکانی دوڵی نێوان ئاویەری گەورە و گچکە، کانی ماماتکە، حەوت ئاسیا و هەتا نزیک قەبری خەدری زیندەی لە خۆگرتبوو، کە خەسارێکی جێددی بە دارستانەکانی ئەو شوێنانە گەیاندبوو.