ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لەخۆکوژی ژنێک لەشاری سەردەشت و ٢حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتییە لە ئازادکردنی فەریدە شاهگولی و ساجدە عەرەب سورخی لە زیندانی ئێڤینلە شوێنەکانی دیکەی ئێران لە خۆ دەگرێت.

حەفتەی سێهەمی مانگی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی

کوردستـــــــــــان
خۆکوژی ژنێک لە شاری سەردەشت

خۆکوژی ژنێک لەشاری سەردەشت بە خۆ خستنە خوارەوە لە ئاوی تاڤگەی شەڵماشەوە

ژنێکی خەڵکی شاری سەردەشت، خۆی دەخاتە ئاوی تاڤگەی شەڵماشەوە وکۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

بەپێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ١٣ی پوشپەر، ژنێکی تەمەن ٢٦ساڵ بە ناوی "ز- ن" خەڵکی شاری سەردەشت بەمەبەستی خۆکوشتن خۆی فڕێ دەداتە ئاوی تاڤگەی شەڵماشەوە و لە ئاکام دا گیانی لەدەست دەدات.

تائێستا هۆکاری خۆکوژی ئەو ژنە روون نیە.

بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لەسەرەتای مانگی پوشپەرەوە تا ئێستا ٢ژن لە کوردستان بە هۆکاری جۆراوجۆر دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لەدەست داوە.

چالاکانی مافی ژنان لەو باوەرەدان کە گوشاری کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی لە سەرەکیترین هۆکارەکان خۆکوژی ژنان بە ئەژمار دێن.

ئێران

فەریدە شاهگولی ئازاد کرا

فەریدە شاهگولی، دوای ١١مانگ زیندانی لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، ئازاد کرا

فەریدە شاهگولی دوای ١١مانگ زیندانی لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، ئازاد کرا.

بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بونەتەوە، رۆژی دوشەممە ٨ی پووشپەر، فەریدە شاهگولی، دوای تێپەراندنی نزیک بە ١٣مانگ لە حوکمەکەی و بە کەڵک وەرگرتن لە ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی نوێی ئێران، لە زیندان ئازاد کرا.

فەریدە شاهگولی پێشتر و لەلایەن لقی دووی دادسەرای موقەدەسی ئێڤینەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام، بێرێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئیسلامی و لایەنگری لە چریکە فیداییەکان" ٣ساڵ زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو زیندانیە سیاسیەی دەیەی شەست، رۆژی ٣١ی بانەمەری ساڵی ١٣٩٣هەتاوی، بەمەبەستی بەدواداچونی ئیداری و ناساندنی خۆی سەردانی ناوەندی دادسەرای ئێڤینی کردبو، دەستبەسەرو بەمەبەستی تێپەراندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ئێڤین دەکرێت.

ناوبراو چەندین ساڵ لەوڵاتی ئاڵمان ژیابوو، بەڵام لەماوەی ساڵانی رابردوودا و بەتایبەت دوای رووداوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران لەساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، چوونە دەرەوەی لێ قەدەغە کرابوو.

ساجدە عەرەب سورخی لە زیندان ئازاد کرا

ساجدە عەرەب سورخی دوای تێپەراندنی ماوەی حووکمەکەی لەزیندانی ئێڤین ئازاد کرا

ساجدە عەرەب سورخی، دوای تێپەراندنی ماوەی حووکمەکەی لەزیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەر، ساجدە عەرەب سورخی زیندانی سیاسی دوای تێپەراندنی ماوەی ١ساڵەی حووکمی زیندانەکەی لەزیندان ئازاد کرا.

ساجیدە عەرەب‌سورخی رۆژنامەنووس و یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شاری تاران، دوای گەڕانەوەی بۆ نێوخۆی وڵات وێڕای دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرتەکەی بەمەبستی لێپرسینەوە بانگهێشتی ئیتلاعات کرابوو.

ناوبراو کچی فەیزوڵڵا عەرەب‌سورخی یەکێک لەئەندامانی شورای ناوەندی رێکخراوی موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە.

ئامادەکار : شاهۆ

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا)١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ٢حاڵەت)