ئاژانسی کوردپا: بۆنی ناخۆشی کارگایەک کە لەنێوان جادەی کرماشان ـ روانسەر هەڵکەوتووە دانیشتوانی ناوچەکەی تووشی بێزاریی و نیگەرانی کردووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کارگەیەک کە لەنێو دانیشتوانی شاری روانسەر بە کارگەی کیمیایی ناسراوە، تەنیا دوای چەند رۆژ لە دەست بەکاربوونی، نیگەرانی و ترسی لای دانیشتوانی ناوچەکە دروست کردووە.
دانیشتووان و خەڵکانێکی نزیک لەو کارگایە بە هەواڵنێری کوردپایان راگەیاند: لەو کارگایە پاشماوە و بەجێماوەکانی مادەی کیمیایی، دەسوتێنرێت.

دووکەڵ و بۆنی ناخۆشی پاشماوە و ئاشغاڵی ئەو کارگایە لە هەوادا بڵاو دەبێتەوە و ئەوەش نارەزایەتی ژمارەیەک لە خەڵکی روانسەری لێکەوتووتەوە.
هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری روانسەر لەو باریەوە راگەیاندووە، تەنانەت مەڕ و ماڵاتەکان کە لە لەوەڕگەکانی دەورووبەری ئەو کارگایە دەڵەوڕێن، دوای چەند کاتژمێر لە ناو دەچن.
بە وتەی شایەتحاڵان هاتوچۆ بۆ ئەو کارگایە زۆر کەمە و کرێکارانی ئەو کارگایە ئامادە نین هیچ زانیاریەک لەو بارەیەوە بدرکێنن.
زۆربەی کاتەکان، ئەو کارگایە شەوانە کار و چالاکی دەکات.
هەتا ئێستا لەهۆکاری بۆنی ناخۆشی ئەو کارگایەی شاری روانسەر و چالاکییەکانی هیچ زانیارییەک بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نەگەیشتووە.





