ئاژانسی کوردپا: شاری کۆبانی پاش ئەوەی دوو مانگ لەمەوبەر لەچەکدارانی داعش پاک کرایەوە، جارێکی دیکە لەلایەن چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامیی"یەوە هێرشی کرایە سەر و لەئەنجامی ئەو هێرشەدا زیاتر لە ٢٠٠ هاووڵاتیی گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٤ی پووشپەڕ(٢٥ی ژوئن) نزیک بە ١٠٠ چەکداری داعش بە جلی مەدەنی و سوپای ئازادەوە دزەیان کردبوویە ناو شاری کۆبانی و هاوکات لە چەندین خاڵی گرینگ و قەرەباڵغی شارەکە تەقینەوەیان ئەنجام داوە.
تەقینەوەکان لەخاڵی سنووری مورشیدپینار، گەڕەکی کانی کوردان، نەخۆشخانەی پزیشکانی بێ سنوور، گەڕەکی بۆتان و مزگەوتی حاجی رەشید ئەنجام دراون.
چەکدارانى داعش لەناو شارى کۆبانی و گوندى بەرخا بۆتان، شەش ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراویان تەقاندبوویەوە و دوابەدواى ئەوەش سێ کردەوەى خۆکوژییان ئەنجام دابوو.
هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەراگەیەندراوێکدا بڵاوی کردبوویەوە، تەنیا لەئەنجامی تەقینەوەکاندا زیاتر لە ١٢٠ هاووڵاتیی گیانیان لەدەست داوە و ٢٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
چەکدارانی داعش پاش ئەنجامدانی تەقینەوەکان، لەباشووری شاری کۆبانی بە چەکی قەناس و نیوە قورسەوە ھێرشیان کردووهتە سەر گوندەکانی بەرخبۆتان و زیرک و گرێ سیڤێ و گیانی زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیان ئەستاندووە و ١٣٠ی دیکەشیان بریندار کردووە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کەلەلایەن یەپەگەوە بڵاو کراونەتەوە، هێزە کوردییەکان توانیویانە لە ماوەی سێ رۆژدا بە تەواوەتی شاری کۆبانی لە دەستی داعش دەربهێنەوە و لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکاندا ٨٠ چەکداری داعش کوژران.
لەراگەیەندراوەکەی یەپەگەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە " شەش هێزی سەر بە یەپەگە شەهید کراون".
کۆبانی مانگی دێسامبری ٢٠١٤وەکوو کانتۆن راگەیەندرا و ژوئنی هەمان ساڵیش هێرشى چەکدارەکانى داعش بۆ کۆنترۆڵکردنى کانتۆنى کۆبانی دەستیپێکرد کە پاش ١٣٤٠ ڕۆژ بەرەنگارى و خۆراگری هێزەکانی سەر بە کوردستانی سووریە و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، داعش لەکۆبانی وەدرنرا.
بە پێی لێدوان و زانیاریی فەرماندە سەربازییەکانی یەپەگە و خەڵکی مەدەنی، لەحاڵی حازردا شاری کۆبانی لە کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکان دایە و تەنیا لە چەند گوندێکى باشوورى کۆبانی شەڕ لە نێوان هێزەکانى یەپەگە و چەکدارەکانى داعشدا هەیە.
لەلایەکی دیکەوە شاهین شێخ عەلی، بەرپرسی مانگی سووری کۆبانی بە میدیاکانی راگەیاندووە چەکدارانی داعش توانیویانە ٥٠ هاووڵاتیی کۆبانی و ئاواییەکانی دەورووبەریی بە دیل بگرن و لەگەڵ خۆیان بیانبەن.
هەواڵی ئەو بە دیل گرتنە هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندە سەربازییەکانی یەپەگەوە پشتراست نەکراونەتەوە.





