ئاژانسی کوردپا: فیلمی دێکیۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ٨ منداڵی کۆبانێ و شەنگال لە کاناڵی تێلێڤیزیۆنی جیهانیی NHK ژاپۆن بڵاو کرایەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" بە بیرۆکەی بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری کورد لە بەرنامەیەکی تایبەتدا پاش هەڵبژێردران و ناساندن لە کاناڵی تێلێڤیزیۆنی جیهانیی NHK ژاپۆندا بۆ بینەرانی سەرتاسەری جیھان نمایش کرا.
ئەو تێلێڤیزیۆنە جیهانییە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریدا فیلمی دێکیۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور"ی پاش ناساندن بڵاو کردەوە.
فیلمی ژیان لە سنوور بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێو شەڕ و ئاوارەیی نیشانی بینەر دەدات کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.
"بەھمەن قوبادی" دەرهێنەری کورد، ھەر بەم بۆنەیەوە سەردانی ژاپۆنی کردووە و لە خولی ڤۆرکشۆپی فیرکاریی لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە ھەروەھا لەگەڵ کاناڵی "ئێن.ئێچ.کەی"NHK سەبارەت بەم فیلمە دێکیۆمێنتارییە چەندین وتووێژی تایبەتی کردووە.
ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە بە دەرهێنەریی ٨ منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای رزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش سازکراوە.
ئەم منداڵانە بۆ ماوەی ٢ مانگ لەلایەن راوێژکاران و گرووپی دەرھێنەران، خولی فێرکاریی سینەماییان تێپەڕکردووە و پاشان لە نێوان ئەواندا چەندین کەس دەستنیشانکراون و وەکوو ٨ دەرھێنەری بچکۆلە ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییەیان سازکردووە.
ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە ماوەکەی ٧٣ خولەکە و لەلایەن کۆمپانیای "مژ فیلم"ـەوە ساز کراوە.





