ئاژانسی کوردپا: سەرلەبەیانیی دوێنێ، لە دووشان سەر بە شاری سنە، بە بۆنەی حەوتووی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان رێپێوانێکی جەماوەری بەرێوە چوو.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو رێپێوانە لە کاتژمێری ٦:٣٠خوڵەکی سەر لە بەیانیی دوێنێ هەینی ٢٢ی جۆزەردان دەستی پێکرد و بەشێکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی سنە بە تایبەتی دانیشتوانی دووشان تێیدا بەشدار بوون.
یەکێک لە بەشداربوانی ئەو رێوڕەسمە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئامانج لە بەڕێوەچوونی ئەو رێپێوانە، کێشەی ماددە هۆشبەرەکان و سەنجڕاکێشانی بەرپرسانی حکوومەتی بۆ نوێبوونەوەی دوشان ناو برد.

ئەو رێپێوانە بە بۆنەی حەوتووی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و لە رێورەسمەکانی حکوومەتیە کە لە ئێراندا بەرێوە دەچێت و زۆربەی چالاکانی مەدەنی لەو بۆنە حکوومەتییانە بۆ بەڕێوەبردنی کار و چالاکییەکانیان کەڵک وەردەگرن.
رێپێوانەکە بە هاوکاریی خەڵکی دووشان و بە شێوەی دەستەجەمعی بەڕێوەچوو و بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەتی تێدا بەشدار بوون.
گرووپی هونەری"کۆراڵ" چەند کاری هونەری و شانۆیان لەو رێورەسمەدا ئەنجام دا.





