ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی ژینگەپارێزی کوردی خەڵکی شاری پاوە پلەی دووهەمی رێوڕەسمی " خەڵاتی میللیان" بەدەست هێنا و رێزییان لێگیرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی جۆزەردان لە رێوڕەسمی دەیەمین خولی "خەڵاتی میللی" ژینگە پارێزی، موزەفەر عەبدی و سەلاحەدین میرانی دوو چالاکی ئەو بوارە و خەڵکی ئاوایی "بانەورە"ی سەر بە پاوە ئەو خەڵاتەیان پێ بەخشراوە.

ئەو خەڵاتە لەچوار بەشی پسپۆڕی، بەڕێوەبەریی، دامەزراوەیی و رێکخراوەییدا بەڕێوە چووە.

ئەو دوو چالاکە ژینگەپارێزییە ساڵی ١٣٨٦ هاوڕی لەگەڵ چەند کەسی دیکەی خەڵکی ئاوایی "بانەوەر" بە بێ هیچ ئیمکاناتێکی ئاگرکووژێنەوە، ئاگر کەوتنەوەی لێڕەوارەکانی " بووزین" و " میرخل"یان کۆنترۆڵ کردبوو.

لەکاتی کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکەدا سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی عەباس، نێعمەت و بەهائەدین فەتحی گیانی خۆیان لەدەست دا و ئەو دوو چالاکەی مافی مرۆڤەش بە توندی بریندار بوون.

لێڕەوارەکانی بووزین و میرخل بە رووبەری ٢٣هەزار هێکتار سەر بە بەخشی باینگانە و لەخاڵی سنووری نێوان ئێران و عێراق هەڵکەوتوە و بە یەکێک لەناوچە پارێزراوەکانی ئێران دێتە ئەژمار.