ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارستانی ماکۆ لەئەنجامی بارینی بارانی زۆر و بە خۆر و دروست بوونی لافاو گیانی خۆیان لەدەستدا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی دوو رۆژ لەمەوبەر دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاوایی " ئیلان قرە"ی سەر بە ماکۆ کە برای یەکتریش بوون، لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتدا بە هۆی رووداوی لافاوەوە گیانیان لەدەست داوە.

تەرمی ئەو دوو لاوە کوردە کە تەمەنیان ٢٧ و ١٧ ساڵ بووە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە لە ئاو دەرهێنراونەتەوە.

لەو رووداوەدا ١٥٠ سەر مەڕیش لەناو چوون.

فەرمانداری ماکۆ بە ئیرنای راگەیاندووە، بارینی باران و هەستانی لافاو خەساری زۆر بەرچاوی بە بەشەکانی کشت و کاڵ، رێگەوبان و ئاژەڵداری ئاواییەکان گەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە ئێوارەیی رۆژی دووشەممە بە هۆی هەستانی لافاو زەوییە کشت و کاڵییەکانی ١٨ ئاوایی چاڵدۆران بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو خەسارییان بەرکەوتووە و رێگەکانی هاتوچۆ بۆ ماوەیەک داخرابوون.

بە وتەی سەرپەرەستی گشتی " مودیریەتی قەیرانی" ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا بە هۆی رووداوە سروشتییەکانەوە زیاتر لە ٥١٧ ملیارد تمەن خەسار بە بەرهەمە کشت و کاڵییەکانی ئەو ئوستانە گەێشتووە.

شاری ورمێ ١٤٢ ملیارد تمەن و شاری پۆلدەشت بە یەک ملیارد تمەن زۆرترین خەسارییان بەرکەوتووە.

لە ناو بەرهەمەکانیشدا زۆرترین زەرەر بە سێو، ترێ، گوێز و بادام گەیشتووە.