ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە گیان لەدەست دانی کرێکاریکی کوردو ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە دەستبەسەر کرانی نەرگس محەممەدی لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

حەفتەی سێهەمی مانگی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی

کوردستـــــــــــان

کرێکارێکی ژن لە سنە گیانی لە دەست دا

لە درێژەی گیان لە دەستدانی کرێکاران بە هۆی رووداوی کارەوە لە کوردستان، ژنە کرێکارێکی تەمەن ٣٠ ساڵەی خەڵکی سنە گیانی لە دەستدا

یەکێک لە کرێکارانی ژنی کارگەی " بستنی عسل" بە هۆی رووداوی کارەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوار شەممە ٩ی بانەمەڕ، ژنێک بە ناوی شەهێن ئەحمەدبەگ‌جان لە کاتی کار لە کارگەی"بەستنی سازی"هەڵکەووتو لە شارەکی سنە تووشی رووداوی کار بووە و گیانی لە دەست داوە.

دەوترێ دەزگای بەستەنی سازییەکە سەرەتا دەستی ئەو ژنەی کێشاوەتە نێو دەزگاکە و دواتریش سەرجەم جەستەی بۆ نێو دەزگاکە راکێشراوە و هاڕیدراوە.

هەواڵدەریی "ئیلنا" لە زاری کرێکارانی ئەو کارگەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، پێشتریش چەندین کرێکاری دیکە بە هۆی رووداوی لەو چەشنەوە بوونەتە قوربانی.

نزیکەی ٣٥ ژن لەو کارگەیە بە شێوەی راستەوخۆ کار دەکەن کە لە هاوینی ساڵی رابردوودا دەستیان بەکار کردووە.

ئێران

نەرگس محەممەدی دەستبەسەر کرا

وتەبێژی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا

نەرگس محەممەدی چالاکی مافی مرۆڤ و وتەبێژی کانوونی داکۆکیکارنی مافی مرۆڤ، بۆ جاریکی دیکە لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی حکومەتی ئیرانەوە دەست بەسەر کرا.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ، نەرگس محەممەدی رۆژنامەنووس و وتەبێژی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

شایەتحاڵێکی رووداوەکە رایگەیاندووە کە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو رۆژنامەنووسەدا، دەرگای ماڵەکەیان شکاندووە و پاش نیشاندانی حوکمی دەستبەسەرکردنەکەی، ''نەرگس محەممەدیی''ان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو چالاکەی بواری مافی مرۆڤ، رۆژی رابردوو لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ''سەڵواتی'' بە تاوانی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی بەر دەم مەجلیس سەبارەت بە رووداوەکانی پژاندنی تێزاو لە تاران و ئیسفەهان، بانگهێشت و دادگایی کرابوو.

ئامادە کردن : شاهۆ

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(١حاڵەت)
ماڵپەڕی "ئیلنا"( ١حاڵەت)